٢٢ کانونی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٥:٠٥
Source: Mehrnews
چارەنووسی کوردی تورکیا و سووریا و کاریگەری قۆناغی نوێی پڕۆسەی ئاشتی

گۆڤاری ئەمریکایی ژاکۆبین لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆسیەی ئاشتی کورد و تورک و تێوەگلاندنی پرسی دیمەشق لەو دۆسیە، نووسی: پڕۆسەی ئاشتیی کوردەکان هەنگاوی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە پاشهاتەکانی زیاتر لە سنوورە نیشتمانییەکانی تورکیا و دیاری‌کەری فوکووسی نوێی ناوچەیە.

 بەشی نێودەوڵەتی: سەرەڕای خاوە خاوی ڕەوتی ئاشتیی نێوان تورکیا و کورد لە لایەکەوە و چەقبەستنی ڕەوتی ڕێککەوتنی 10ی مارچی نێوان کوردی سووریا و دەوڵەتی جۆلانی، کوردەکان پێشوازییان لە ئاشتیی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کردووە و ئەو هەنگاوە بە گۆڕانکارییەکی پەنگراو بۆ داڕشتنی داهاتوویان دەزانن.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەو پرسە سێبەری خستۆتە سەر ڕێککەوتنی کوردی سووریا و دیمەشق و تەنانەت کوردەکانی سووریا ئەوانە لێک جودا نابینن.

بەوەشەوە، ڕەوتی ئاشتی نەک بە هۆی پێشینەی دوورودرێژی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵکوو بە هۆی ناکۆکیی قووڵ لە ئەنجامی کۆتایی، یەگجار ئاڵۆزتر بووە. چونکە لە لایەکەوە تورکیا ناچارە لە هەنگاونان بە ئاراستەی ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک لەگەڵ پەکەکە، بەتایبەت بە هۆی زێدەخوازیی ژێئۆپۆلیتیکیی ئەنقەرە لە بواری وزە و بەهرەمەندبوونی لە ڕێڕەوگەیەکی هێمن بۆ گواستنەوەی وزە لە وڵاتانی کەندوای فارسەوە لە ڕێگەی عێراق و ڕەنگە سووریاوە و ئەمە بەبێ سەقامگیری و ئاشتی نامومکینە، و لە لایەکی ترەوە دانوستانەکانی نێوان ئەنجومەنی دیمەکراتیکی سووریا و دەوڵەتی دیمەشق بەخاوی دەچێتە پێش و ئەگەرچی لایەنەکان ڕازی بوون بەوەی "هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) بە سەر سێ یەکەی سەربازیی یەکپارچەدا دابەش بێت و هاوکاتی پاراستنی پێکهاتەییان، لە چوارچێوەی هێزەکانی دەوڵەتی سووریادا بجوڵێنەوە"، بەلام ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا هێشتاش پێداگرە لە گۆڕانی پێکهاتەی سیاسیی سووریا بۆ مۆدێلێکی لامەرکەزی.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاڵدار خەلیل لە سەرکردەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک(پەیەدە) ئاشکرای کردووە کە ئەحمەد شەرعی سرۆکی کاتی سووریا ڕازی بووە بە ڕاپەڕاندنی ئەو مۆدیلە سیاسییە، بەو مەرجەی لە چەمکی "لامەرکەزی" کەڵک وەرنەگیرێت؛ واتە بە کردەوە ببێت، بەڵام ناوێکی تری لێ بنرێت.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، داشداریی ئەمریکا لەو پڕۆسەیەدا، ڕەوتەکەی ئاڵۆزتر کردووە، بە تایبەت هەڵویستەکانی تام باراک، باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا، وێنایەکی هیوابەخش لە ڕوانگەی واشنتۆن بە داهاتووی سووریا بەدەستەوە نادات. ئەویش کاتێک راشکاوانە دژی مۆدێلی لامەرکەزی هەڵوێست دەگرێ و بە مۆدێلێکی گونجاوی نازانێت بۆ سووریا و جەخت لە مۆدێلی "پادشایی خێرخوازانە" وەک مۆدێلێکی کارامە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات؛ ڕوانگەیەک کە زۆر دوورە لە دۆزی کوردەکان و دوورنوێنی دەوڵەتێکی دیموکراتیک و هاوبەشانە لە سووریا.

کەواتە ڕەوتی ئاشتی تورکیا و پەکەکە، تەنیا نابەسترێتەوە بە هاوکێشە ناوچەییەکان و بگرە تەنانەت لە ناوخۆی تورکیاشدا لێکدانەوەی یەکە و هاودەنگ لە ئەنجامەکانی دانوستان بەدی ناکرێت: ئاکپارتی و مەهەپە باسی "تورکیای بەری لە تیرۆر" دەکەن؛ دەم‌پارتی باس لە زەروورەتی هەنگاونان بەرەو "تورکیای دیموکراتیک" دەکا و دەڵێ: ئاشتیی سەقامگیر بەبێ بەفەرمی ناسینی مافی سیاسی و فەرهەنگی کوردکان نامومکینە. لەو ڕووەوە ئەوی لەم گۆڕانکارییانە پێشبینی دەکرێت، لێکدرانی قووڵی پرسی کوردەکان لە تورکیا و سووریایە. چارەنووسی ڕەوتی ئاشتی ئەنقەرە و پەکەکە نەک داهاتووی کوردەکانی تورکیا، بەڵکوو هاوکێشەی هێز، ئاسایش و پێکهاتەی سیاسیی کوردستانی سووریاش تێوە دەگلێنێت؛ پەیوەندێک کە نیشان دەدا هیچکام لەو دۆسیانە بەجودا چارەسەر ناکرێن.

Your Comment

You are replying to: .
captcha